ميقداد شێخ بههادين
کـۆنگرە پرۆسەیەکی گرنگ و زەرورەتێکی حەتمی ژیانی سیاسی هەر حیزب و رێکخراوێکە بۆ نوێکردنەوەی دیدگاو جۆشدانەوەی پایەو داڕشتنەوەی ستراکچەری بونیادی و پەیکەربەندی خۆی لەپێناو پێشخستن و بەرەوپێشبردنی لەهەموو کایەکاندا، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانیش وەکو حیزبێکی کاریگەرو نوێگەرو خاوەن سەنگ و قورسایی و ئەزموونی نزیک لەنیوسەدە خەبات و کاری ڕێكخراوەیی لەسۆنگەی بڕوابوونی تەواوی بەبنەما دیموکراسیەکان و دیسپلینی حیزبایەتی و تیۆریزەکردنی بنەما فیکریەکانی لەهەموو هەلومەرجێکدا بەپێی سەردەم و قۆناغەکان خۆی بیناکردووەتەوەو نەیهێشتوە لەنێو بازنەی کلاسیكگەراییدا بمێنیتەوە.
بڕیاری ئەنجامدانی کۆنگرەی پێنجەم دەرخەری ئەوەیە ئیرادەو هێزو وزەی یەکێتی له گەشانەوەی بەردەوامدایەو پرۆسێسی رێکخستنەوەی جومەگەکانی بەئاراستەیەکی دروست براوەتە پێشەوە، بۆیە چیتر بەستنی کۆنگرە لای حیزبی شەهیدان ئاڵۆزو قورس نابێت و بەپێی سوڕی ئاسایی ژیانی حیزبایەتی لەهەر کات و ساتێکدا پێویست بکات تێزڕێژی بۆ فەلسەفەو مەنهەجی ئیدارەدانی خۆی دەکات، ئەوەش لەپێناو ئامانجە گەورەکەیە، کە خزمەتکردنە بەدۆزی ڕەواو مافەکانی خەڵکی کوردستان.
ئەم کۆنگرەیە بازدانێکی گەورەو گرنگ و بێ هاوشێوەیە لەتەواوی مێژووی حیزبەکەی "مام"دا و ریکۆردی زۆریش بۆ یەکێتی دەشکێنێت، کە بەقازانج و دەستکەوتی گەورە بۆ گەلەکەمان دەشکێتەوە، چونکە واقع ئەوەی سەلماندووە کوردستانێکی بەهێزو گەشەسەندوو یەکێتییەکی بەهێزو نوێگەرو خاوەن بڕیارو ئیرادەی ئەوێت، بێگومان هەڵگرتنی ئەم هەنگاوەش پێداویستی و خواستی قۆناغی ئێستایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و تەگەرەکان بەبیری تازەو کەرەستەی فیکری و سیاسی نوێوە.
كۆنگرەی پێنجەم هەنگاوێکی گرنگە بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی کۆی سیاسەت و دیدگا و بۆچوونەکانی یەکێتی لەسەر بنەمای دواین گۆڕانکاری ئەو رێکخستنەوانەی کە لەدوای کۆنگرەی چوارەم ئەنجامدراون، بۆیە بەدڵنیایەوە دەڵێین کۆنگرەی ئەمجارە کۆنگرەی چنینەوەی دەستکەوتەکانی رێکخستنەوەی یەکێتییە لەسەر دەستی (سەرۆک بافڵ)، کە توانی ئەم حیزبە لەدۆخی پەرتەوازەیی و پشێویەوە بخاتەوە سەر ڕێڕەوە دروستەکەی و خەونی نەیارانی یەکێتی بۆ هەمیشە لەگۆڕی چاوەڕوانیاندا بنێژێت و مەرام و پیلانەكانیان پوچەڵ بکاتەوە.
بەدڵنیایشەوە ئەم کۆنگرەیە جیاوازتردەبێت و خاڵ لەسەر پیتی ماناو مەبەستەکانی کاری رێکخراوەیی ئەم حیزبە دێرین و تێکۆشەرەی کوردستان دادەنێت و ڕوخسارو ناوەڕۆكی نوێ و سەردەمیانە دەبەخشێت بەو حیزبەی كە لەپێناو خەڵك و خاكی كوردستاندا دامەزراو هەر لەو پێناوەشدا بەپێی سەردەم و بارودۆخ و خواستی گەلەكەی خۆی دەبوژێنێتەوەو هێڵی ڕاست و ڕەوای نیشتیمانسازی و خزمەتكردن بەكۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دیاری دەكات، ئەم هەنگاوەش ئەوەمان پێ دەڵێت، کە یەکێتی لاپەڕەیەکی نوێی بۆ بەرجەستەکردنی خەباتی مەدەنی خۆی هەڵداوەتەوەو چیتر هیچ بەربەست و گرێ و گرفتێك ڕێگرنابێت لەبەردەم ئیرادە و بریاردانیدا.