کازم جەباری
ڕام وایە هەڵەیەکی زۆر گەورەیه کوردی باشور بە عەلمانی و ئیسلامیەوە شەڕی ئەردۆغان و ئۆغڵۆ بکەن، چونکە ئەمە پرسێکی ناوخۆییە و گوزارشتە لە بارودۆخی ئەو وڵاتە یەعنی لێگەڕێن خەڵکی تورکیا و دەنگدەرەکانی هەڵبژاردنەکە یەکلایی دەکەنەوە نەک شەڕە دەنوکی ئێمە. ڕاستە سیاسەتی تورکیا کاریگەری لەسەر دەوروبەر و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، بەڵام ئەمە بەندە بە ستراتیژ و دونیابینی سیاسەتی ئەو وڵاتە و ڕووداوەکانی داهاتووی ناوچەکە.
لە ڕاستیدا، برنەوە یان دۆڕاندنی کارەکتەرێک، کێشەی کوردی باشور و جیهانی ئیسڵامی نییە، ئەوە پەیوەندی بە وڵاتی تورکیاوەیە، هێنانە ناوەوە و درێژکردنەوەی ئەم شەڕە بۆ ناو هەرێمی کوردستان و جیهانی ئیسلامی دوورینی بەرگێکی ئاینی و ختوکەدانی هەستی موسڵمانان و خەڵکی کوردستان بەم مەسەلەیە نەلەبەرژەوەندی جیهانی ئیسلامیە و نە کوردستان، چونکە نە ئەردوغان نوێنەرێکی ڕاستەقینەی جیهانی ئیسلامیە نە بۆ جیهانی ئیسلامی و کورد مەرجیعە.
داهاتووش ئەمە دەسەلمێنێت.
لە ڕاستیدا من نە لە دژی ئەردوغانم نە ئۆغڵو بەڵکو پێم وانیە کلیلی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی جیهانی ئیسلامی و هەرێمی کوردستان بەتەنها لە گیرفانی ئەردۆغان و ئۆغڵۆدا بێت.
ڕەنگە ئەردوغان بۆ میللەتی خۆی خزمەتکار و ناسیۆنالیستێکی باش بێت، بەڵام ئەوە یەکسان نییە بە باشی ئەو بۆ دۆزی ڕەوای گەلی کورد بە کوردستانی باکور و پارچەکانی ترەوە.
لە ڕاستیدا ئەمە شەڕی ئێمە نییە، با بەشدار نەبین لە کەرت کردن و تێکدانی هارمۆنیەت و ئێستاتیکای کۆمەڵگەی کوردی، حەتمەن بۆ جیهانی ئیسلامیش ڕاستە، تکایە با هاوکێشەکان وەکو خۆی ببینن، نەک وەک ئەوەی ئایدۆلۆژیاکانمان دنەمان دەدات.
کازم جەباری