کازم جەباری
سەبارەت بە هەڵای پشکی بوودجەی هەرێم و پارەی مووچە خۆران و دانەوەی پاشەکەوتی مووچە، لە پڕۆژە یاسای بوودجەی حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ.
لەساڵانی ڕابردوودا، لە ئانی خوێندوە بۆ پڕۆژە یاسای بوودجەی عێراق، لەلایەن سیاسیەکانی کورد و پەرلەمانتارانەوە، دوای هاتووچۆ و جرت و فرت و گردتنەبەری ڕێگەی بەغدا و بگرەو بەردەی پەرلەمان، گوێ بیستی مژدەبەخشی هەواڵی ماف و ئیمیتیاز و جێگیرکردنی بوودجە و مووچەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەبین. کەچی لە دوایدا (ساڵ بە ساڵ خۆزگەم بە پار)، هەمووجار بەدەستی خاڵی دەمانگێڕنەوە بۆ سەردەمی تەقەشوفات و چاوەڕوانی لیستی مووچە و هات و نەهاتی بوودجەکە لە بەغداوە.
لێ ئەوەی هاوڵاتیانی هەرێمی بێزار و بێ متمانە کردوە، بەخشینی ئومێدی ساختە و فو تێکراوە بە میللەت، ئەمە هەستێکی دڕدۆنگیانە و بەخشینی بڕوایەکی ڕەشبینانە نییە بەخەڵک، بەڵکو ئەمە یاریەکی قێزەونە بەشێکە لە سوعبەتەکانی سەرانی هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا لەگەڵ هاوڵاتیانی هەرێم، بەتایبەت لەسەروبەندی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بووجە ئەم بابەتە زۆرتر دەورژێنرێت و هەڵایەکی میدیایی گەورەی بۆ دروست دەکرێت و خەڵکی خۆشباوەڕی پێ گەرم دەکرێت.
ئەوەی جێگەی تێڕامانە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانیش کەوتوتە ناو غەوغای شەپۆلی بەخشینی ئومێدێکی ساختە بە هاوڵاتیانی هەرێم و بڵندگۆی پڕپاگەندەی قەوانە سواوەکە.
ئەگەرچی بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو لەو دەمەی بەقەولی خۆیان (ئابوری سەربەخۆمان ڕاگەیاندوە)، زیاتر گوێیەکانمان بەم جۆرە هەواڵانە پڕبووە و لە واقیعدا هیچیشی لێ سەوز نەبووە.
ئەمە جۆرێکە لە ختوکەدان و دنەدانی عاتیفەی هاوڵاتیان لەکاتێکدا ئەزموون ئەوەی سەلماندوە هەرکات پڕوپاگەندە و هەواڵی دڵخۆشکەر بە قازانجی میللەت بڵاوکرابێتەوە ئەوا ئەم حکومەتە دژە میللەتە بە فرسەتی زانیوە و یان مووچەی دواخستوە یاخود بەزمێکی نوێی خولقاندوە.
تۆی هاوڵاتی هەتا پارەی پاشەکەوت( ئیتر هەرچەندێک بێت) و پشکی لەسەدا دوازدەکە نەچووە تەنکەی گیرفانتەوە باوەڕ بە هەواڵی ساختەو پەرلەمانتاری ساختەچی دەهۆڵ ژەن مەکە.
بۆیە کورد دەڵێت: (ئەگەر بەتەمایی شێو(خوان)ی درهاوسێ ماڵ بین، دەبێت بە سکی خاڵیەوە سەربنێینەوە).
لە ڕابردوودا هێندە میللەتان ماندو سەرقاڵ کردوە و ڕاستان لەگەڵ نەکردون و موزایەدەتان بە پرسی بوودجە و مووچەوە کردوەوە، سا بەڵکو ئەم ساڵ درۆکەتان ڕاست بێت، چ دەبێت ئەگەر وەڵامگۆکانتان ئەرێنی بێت، مەگەر میللەت چی گەرەکە، جگەلە گیرفانی گەرم و (کاسەی پڕ ئاشتی ماڵ)ە.
کازم جەباری