ماڵپەڕێکی هەواڵی سیاسیە
وتار

پوچگەرایی چی ئەگەیەنێ ؟

عه‌لى حه‌مه‌
 
‏Mediocracy ;
‏“Stop making stupid people famous“
(توقف عن جعل الناس الاغبياء مشهورين )
سیستمی پوچگەرایی .. مرۆڤ لە مرۆڤ بون بەتاڵ دەکاتەوە .چەواشەکاری وەک بەرهەمی سیستمی پوچگەرایی .
عەلی حەمە ؛
چەند زۆرن ئەو ناوناوبانگانەی کە دران بەوانەی شایانی نەبوون ، چەند زۆرن ئەو کاسانەی کەدەستەکان بەرزیان کردنەوە و بایەخیان نازانن !(شفاء مراد )
پێش ئەوەی بێمە سەر باسی چەواشەکاری یا چەواشەکارەن پێم باشە کەمێک باسی سیستم و ناوەڕۆکی چەمکی پوچگەرایی ( التفاهة )بکەم چونکە هەم دەستەواژایەکی نوێ و هەم بەخشکەیی خزاوەتە ناو زۆربەی جومگە هەستیارەکانی کۆمەڵگەوە و رۆژانە لەدەمی کۆمەڵێ فەنتەڵسیست ئاساوە جارێ لەژێر پەردەی شرۆڤەی سیاسی و جارێ لە ژێر کایەی ئایدیۆلۆژی و جارێ لەژێر پیرۆزی ئاین و هەندێ جاریش هەر بەئارەزوو بێ هیچ چاودێریەکی دامەزراوەیی و بەرپرسیاریەتێکی مێژوویی و ویژدانی و ئەخلاقی و پیشەیی لە شاشەیەکەوە دەرئەکەوێ و ئەکەێتە سەروگوێ شکاندنی( سیاسەت ، مێژوو ، ئابوری ، وزە ) و بێ خستنەرو و زانینی داتاو ئامار و زانیاری و بەڵگەیەک لەچەند خولەکێکدا شەن و کەو و شیکاری هەمو دنیاو ناوچەکە ئەکات و جاری وایە ناونیشانی بابەتەکەشی لەبیری ئەچێتەوە ! (١)
پوچگەرایی چی ئەگەیەنێ ؟
‏Mediocracy ;
‏“Stop making stupid people famous“
(توقف عن جعل الناس الاغبياء مشهورين )
بیرمەند و فەیلەسوف و مامۆستای زانکۆی مونتریالی کەنەدی (ئالان دونۆ ) وەک رەخنەگرێکی ژیری ئەم سەردەمە و بیرمەندێکی ورد رەخنەی توند ئاراستەی هەژمون و ئاراستەی سیستمی سەرمایەداری قۆرخکار و کایەوکاریگەریە فرە رەهەندەکانی دەکات و تادەگاتە ئەوەی کە ئەم سیستەمە بە دڕندە ناودەبات ئەکات !
(ئالان دونو ) سەرجەم راوبۆچونەکانی بەوردی سەبارەت بە پوچگەرایی لە کتێبێکدا لە ساڵی ٢٠١٥ بەزمانی فەرنسی بۆیەکەمجار بڵاوکردەوە و لە لەلایەن دکتۆرە ( مشاعل عبدالعزیز المهاجری ) ئاکادیمی و مامۆستای قانون لە زانکۆی کوێت لە ساڵی ٢٠٢٠ وەرگێردراوەتە سەر زمانی عەرەبی ، (٢) ، وەلەم چەند رۆژەی داویشدا لەلایەن دکتۆر رزگار ئاغا وەرگێردراوەتە سەر زمانی کوردی و لەلایەن دەزگای رۆشنبیر جەمال عیرفان چاپ و بڵاوکراوەتەوە ، بۆیە نامەوێ زۆر لەسەر ناوەڕۆکی ئەم بابەتە قسە بکەم و هیوادارم هەموتان دەرفەت و بواری خوێندنەوەی ئەم پەرتوکە گرنگەتان بۆ بڕەخسێ .
سیستمی پوچگەرایی « میدیۆ کراتی » واتە (چیتر خەڵکی گەوج بەناوبانگ مەکەن ) بوەستن چیتر کەسانی بێ ئاست و نائاقڵ و گەوج ، مەکەن بە پێشەنگ و دەمراستی کۆمەڵگە ) .
دروشمی ( بوەستن چیتر خەڵکی گەوج بەناوبانگ مەکەن ) لە زۆر شوێنی گشتی دەوڵەتانی وەک ئەمەریکا و کەنەدا وئەوروپا و ئوسترالیا بڵاوکراوەتەوە دژی قێزەونی و بەناوبانگ کردن و قەبەکردنی خەڵکانی خۆدەرخەر و بێزێنراو و هیچ لەبارانەبو کەلەسایەی هەژموونی پوچگەرایی دەیان کەن بەکەسانی بەناوبانگ و ناووپێگەی کۆمەڵەیەتی و سیاسی دیاریان بۆ دەستنیشان ئەکەن !
سیستمی پوچگەرایی ، یا هیچوپوچی هەوڵ دەدات ( تاک لەبونەوەرێکی ئاسایی خاوەن بیرو پیشە و جدیەت و کامڵی ، بگۆڕێ بۆ تاکێکی بێ باک ، خۆپەرست ، دابڕاو لەکۆمەڵگە و لە کێشە گشتی و ئاکاری گشتی ) .
سیستمی پوچگەرایی لەسەرخۆ رەگو ریشەکانی دەخزێنێتە ناو پێکهاتەی کۆمەڵگەوە تا سەراپای پێکهاتەی کۆمەڵگە دەگرێتەوە و توشی داهێزران و گەندەڵی دەکات و تەونی کۆمەڵایەتی رووبەروی لێکترازان و پەیوەندیەگشتیەکان کاڵ و بێ بایەخ دەکات و تاک بەرەو گۆشەگیری و خۆپەرستی و مەیلی ئەوەی لادروست دەکات سەرقاڵی کارە تایبەتیەکانی خۆی بێت و دوور بکەوێتەوە لە شتەگشتیەکان. (٣)
سیستمی پوچگەرایی هەوڵ دەدات سیاسەت لە ناوەڕک و بیرۆکە گەورەو ریشەییەکانی وەک مافەکان ، ئازادیە گشتیەکان ، چەمکی هاوڵاتی بوون ، ئازادی و رای ئازاد و پرسی دیموکراسی و هەڵبژاردنی ئازاد و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و پرسی ماف و یەکسانی یاسایی و ئازادی ژن داببڕێ و بەتاڵ بکاتەوە ، لەبری ئاکاری گشتی و بەرژەوەندی گشتی ،تایبەتمەندی جێگەی ئەگرێتەوە و قازانجی مادی وەک دوائامانج و مەبەستی سەرەکی سیاسەت جێگە بە نمونەی باڵاو ئەخلاقیاتی سیاسی و ئامانجە گشتیە سیاسیەکان و چەمک و تێگەیشتنە باڵاکان لێژ دەکات ، لە ئاکامدا سیستەمی سیاسی یادەوڵەت لە سایەی ئەو جۆرە کارکردنەدا دەگۆڕێ بۆ کۆمپانیایەکی بازرگانی و وەبەرهێنەر .
زۆر جار پرسیارێ قوت ئەبێتەوە ،ئایا لە دۆخی پوچگەراییدا هیچ شوێنێک بۆ بیر (فکر) ئەمێنێت ؟
مرۆڤی لەژێر هەژمونی پوچگەرایدا ئەبێ بە مرۆڤێک کە خولیا و حەزی لە تێڕامان و بیرکردنەوەی قوڵ نامێنێ ، کاتی بۆ ئەوانە نیە ، مرۆڤێکە چواردەوری بە پوچگەرایی و هەژمونی (وێنە ) گیراوە ، وێنەی لابۆتە هۆکاری سەرەکی بیرکردنەوە و بڕیاردان ، خوێندنەوەی لا بوە بە شتێکی نامۆ لەم رۆژگارەدا و وشەکان پەرتوبڵاو دەبن و شوێنێ نادۆزنەوە بۆ ئارامگرتن ، چونکە( وێنە )هەموو شوێنێک ، هەمو واقیعێک داگیر ئەکات !.
بۆیە گرنگی پێدان و بەرچاوخستن و بەناوبانگ کردنی هیچ و پوچ و بێ کەڵک و قێزەونەکانی ناوکۆمەڵگە وەک خەڵکی پێشەنگ و خاوەن سەلقە و کار ،تاوانێکە بەرامبەر شارستانیەت و مرۆڤایەتی و مافی نەوەی تازەپێگەیشتوو .
شەپۆلی پوچگەرایی وای کردوە کە سەفیری دەوڵەتێکی گەورە ببێتە پێشکەشکار و خواردنە میللیە ناوخۆییەکان بە چەند ئەڵقەیەک پێشکەش بکات وەک هەڵمەتی پشتگیری لە گەوجاندنی گەلی ئەودەوڵەتەی کە ئەو سەفیری بوو ، یا قونصوڵێک چاوبەستەکی و بەسەر ئەو هەمو کێشە و گرفتە پڕ زامانەی میللەتێکدا باز بدات و باسی بەتامی و خۆشی یاپراخ و گیپەی کوردی بکات ! .
سەرباری برەودان بە پوچگەرایی و کوشتنی گیانی داهێنان وەک ئەوەی کە ئەوان سەفیری پوچگەرایی بن .
نوسەری نەمساوی ( کارل کراوس ) ئەڵێ ؛ کە خۆری رۆشنبیری دابەزی بۆ ئاستی زەوی ، تەنانەت ئەقزامەکانیش وەک زەبەلاح دەردەکەون . (٤)
یەکێک لە دەرئەنجانە خراپ و بەرهەمەکانی سیستمی پوچگەرایی هەڵتۆقینی کۆمەڵێ رۆشنبیری ساختە و دەم و هەراشی سەر شاشەکانن کە باز بەسەر حەقیقەت و واقیع دا دەدەن و دنیایەک وێنا ئەکەن کە فڕی بەسەر واقیع و ژیانی راستەقینە و مەینەتیەکانی رۆژانەی خەڵکەوە نیە !
پوچگەراو چەواشەکارەکان بەزمانێک ئەدواین ، وشەگەلێک دەردەبڕن کە چ ماناو واتایەک نادەن بەدەستەوە ، مانا و جوانی و ناوەڕکی رەسەنی ئەدەب و هونەر دەشێوێنن و مەبەستیان بەرهەمهێنی جۆرە ئەدەب و هونەرێکە کە لەگەڵ رەوتی بەرەی وێرانکردن و هەڵتەکاندنی شارستانیەت و بەها کۆمەڵایەتی و مرۆیەکان بێت ، دەکرێ چەند رستە و دەستەواژەیەک وەک نمونەی قسە و هونەر لە زەمەنی پوچگەراییدا لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا بخەینە روو ؛ قسەی دەرچویەکی زانکۆ ( من گراجوەیتم کردوە بی ئەی لە ئەی یوو ، ئێس جێرنیەکی زۆر باش بوو ) ، کۆپلەیەک لە هۆنراوە ( زاخ …ناخ ..داخ ، هەموو دەربەدەری شاخ ) !
گۆرانی بێژێک لەشاشەوە لەگەڵ چەند کچکۆڵەیەک هاوار دەکات و ئەڵێ ( کاڵی نەوید لەهەموو دنیا هەیە ،لەوڵاتی تریش ناوی هەیە ،دەمێک فیراری و دەمێک بوگاتێی پێیە )
راگەیاندن رۆڵێکی گەورەی هەبوە لە برەو پێدان و بڵاوکردنەوەی چەواشەکاری و پوچگەرایی لەهەموو کایەکاندا ، زۆر جار خەڵکانی روکەش و کۆلکەخوێندەوار زەق دەکەنەوە و لەشاشەکانەوە وەک بیرمەند و شرۆڤەکار و لێکۆڵەر و چاودێری سیاسی ناوەزەندیان ئەکەن و وەک پاڵەوانی هزر و وشە دەریان ئەخەن ، شرڤەکاری واهەیە بێ داتاو زانیاری و ئامارێکی سەرەتایی رمڵ لێ ئەدات و لە ژێر کاریگەری ئایدیۆلۆژی یا هەستی کوێرانەی نەتەوەیی و ئایین و مەزهەبەوە ، بابەت و کێشە و پرسە هەستیارە گرنگەکانی ناوچەیی و نێو دەوڵەتیەکان شی دەکاتەوە و دوور لە هەستی بەرپرسیارێتی مێژوویی و بابەتی و ئەخلاقی و پیشەیی کۆمەڵێ دەستەواژە و لێکدانەوەی هەڵە و نالۆژیکی دەخاتەروو ،
بەشێکی تری چەواشەکاری و مەترسییە کوشندەکانی ئەم سیستمە ئەوەیە کە پوچگەرایی خزاوەتە ناو دامەزراوە فێرکاری و پەروەردەیی وئەکادیمی و زانکۆکانەوە ، بەجۆرێک زانیاری و زانست کراوەتە کاڵا ، زۆرێک لە زانکۆکان لە بری بەرهەمهێنی زانست و زانیاری ، گۆڕاون بۆ بازرگانیکردن و برەودان بە خواستەکانی تایبەتیەکانی کۆمپانیاکان و داواکاریەکانیان ،شایانی باسە زانای کۆمەڵناسی بەناوبانگ ( ماکس ڤیبەر ) پێش سەدەیەک لە کتێبەکەی بەناوی « العلم بوصفه حرفة » باسی مەترسی ئەم دیاردەیە ئەکات و وتویەتی ؛( زیادەرۆیی لە داهێنانی تایبەتمەندیە وردەکانی زانکۆ دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی پوچگەرایی ، لەبەر ئەوەی لەئاکامی ونبونی فەلسەفەدا ، هزری مرۆڤ توشی هەژاریەکی فکری قوڵ دەبێت !
بۆیە لەگەڵ داواکاری لەسەر تایبەتمەندی ( التخصخص ) ،فەلسەفە لە زانست و زانیاری دوور دەکەوێتەوە .(٥)
کاتێ زانکۆکان لەسەر رێرەوی برەودان بە داهێنانە تایبەتمەندەکان چونە پێش ، وای لێهات لەلایەن کۆمپانیابازرگانیەکانەوە تەمویل بکرێن ولەئەنجامدا زانکۆکان بونە هۆی بەرهەمهێنانی شارەزای تایبەتمەند و خاوەن زانیاری ورد کە خزمەتی خواستە بازاڕ یەکانی کۆمپانیا بازرگانیەکان بکات ، نەک خەڵکانێکی زانا و شارازەی ئاسۆ فراوان کە بتوانێ بەدوای چارەسەری گرفت وکێشەکانی ژیانی خەڵکەوە بێت چونکە ئەو شارەزا و خاوەن تایبەتمەندانە لە زانست نوێنەری دەسەڵاتن و ئەو بیرۆکە و تایبەتمەندیەی بەدەستی هێناوە بۆئەوەیە لەبەرامبەردا دەستکەوتی مادی دەستبکەوێ و پەیوەندی ئەو لەگەڵ زانست و زانیاریدا لەسەر بەرژەوەندی و قازانج وەستاوە !
راگەیاندن و رۆژنامەوانی پشکی شێریان بەرکەوتوە لە برەودان و بڵاوکردنەوەی پوچگەرایی ، چونکە رۆژنامەگەری کە بنەرەتا سروشتێکی شەرمنانەی هەیە و بەستراوەتەوە بە ئاراستەکردنیەوە لەلایەن خاوەندارێتیەکەی و بەرژەوەندی و قەناعەتە فکریەکانیەوە ، رۆژنامەگەری رونگەی قازانج و بەرژەوەندی و بازاڕ دەیجۆڵێنێ !
ناوبانگ و گەڕان بەدوای دەستکەوتی مادی و بڵاکردنەوە بێ سەروبەری و بابەتی توڕەهات و هیچوپوچ و لاوەکی یا نامۆ بەژیان و ئەخلاقی گشتی کۆمەڵەگا، بونەتە روخسار و ناوەڕکی زۆربەی ماس میدیاکان و تەنانەت گەیشتوە بەئاستێک کە هەندێ خەڵک پەنا ئەباتە بەر کاری ئابڕوبەرانە یا لەکەدارکردنی کەسایەتی خۆی لە پێناو ناوبانگ و خۆدەرخستن .!
هەژاری لە بیر و هۆشیاریدا گەورەترین زەمینەی گەیشتن و بڵاوبونەوەی پوچگەراییە ، پوچگەرایی و سیستمی پوچگەرایی هەوڵ دەدات ناوەڕۆک و واتای فەلسەفی لە بیرکاری ئیقلیدس داببڕێ و زانستە گەردونیەکانی کۆپرنیکۆس لە ناوەڕۆکە فەلسەفیەکەی دابماڵێ ، یا هەوڵ دەدات ناوەڕۆک و پاشخانی فکری و فەلسەفی لە دۆزینەوەکانی وەک زانستی جوڵە و هێزی یەکترکێش کردنی نیوتن جیا بکاتەو زانستی بیۆلۆجی و بنچینەی جۆرەکانی داروین لە فەلسەفە داببڕێ و وەک بابەتێک زانستی رووت و بێ گیان و راگوزەر تێپەڕێت و وەک ئێستا کەلەسەرجەم زانکۆ و دامەزراوە زانستیەکاندا باوە ، بابەتە زانستی و فیزیایی و کیمیایی و گەردونی و بیرکاریەکان تەنها وەک بابەتێکی وشک و دابڕاو مامەڵەیان لەگەڵ ئەکرێ و دەیئاخنە گوێی خوێندکارەوە ، لەچەندین قۆناغ پێناسەی زاراوەی (مادە ) لە فیزیادا کراوە بەوەی کە هەر شتێک لە بۆشاییدا قەبارەی هەبێت و شوێنێک داگیر بکات پێی ئەوترێت مادە ! بەڵام هەرگیز نەبیبراوە مامۆستایەک چ کە ئامادەییەکان چ لە زانکۆ و پەیمانگاکان لەرووی فەلسەفیەوە باسی مادە بابەتێکی گرنگی ناو فەلسەفە و کۆڵەکەی ململانێی مێژووی فەلسەفەیەو بیردۆز و دنیا بینیەی مادیانەی هەیە بۆ لێکدانەوە و شیکردنەوەی دیاردەو دەرکەوتە سروشتیەکان و پەیوەندیە هەمەلایەنیەکانی ژیانی کۆمەڵگا و گەشەکردنی ..یا رۆژێ بەدوای مانا فەلسەفەیەکی چەمکی زانستی (کە مادە لەناوناچێت و ناهێنرێتە بوون ) نەگەڕان و لێکیان نەداوەتەوە بۆ فێرکارەکانیان !
هەرئەوەندە بەس نیە بڵێی زەوی خڕە و زانستی گەردونی سەلماندویەتی کە زەوی بەدەوری خۆی و بەدەوری خۆردا دەسوڕێتەوە ، لەکاتێکا بەدراێژایی زیاتر لە ١٤ سەدە وبەتایبەتی تاساڵی ١٥٤٣ بۆچونی باو و ئایینی و سیاسی ئەوەبوو کە زەوی مەڵبەندی گەردوونە و کەنیسەش مەڵبەندی زەوی و هەموو هەسارە و ئەستێرەکان بێ جیاوازی بە دەوری ئەو پیرۆزیەدا ئەخولێنەوە !(٦)
سیستمی پروپوچی بیرۆکە و بۆچونێکی راگوزاری ئاسایی و سادە نیە ؟ سیستمێکە بەهەموو جومگە و شوێنە هەستیار و گرنگەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و ستراکتۆری حوکمڕانیدا بڵاو بۆتەوە و لە لوتکەی هەرەمی بڕیار و قسەی کۆتاییدایە !
مەترسی پوچگەرایی ئەوەیە کە بەرەو فراوان بوون بچێت و ببێتە سیستەمێکی باوی کۆمەڵایەتی !
لەبەرامبەردا ؛ جیهان و رۆشنبیری و شارستانیەت دۆخێکە کە پاڵنەرە ئەخلاقی و مرۆیی و تێکۆشانی بەردەوام ئەیجوڵێنێ و گڕوتینی پێ دەدا ، ژیان ناوەستێ و ململانێ و کێ بڕکێ وەک داینەمۆی جوڵەی بەردەوامی ژیان رووەو ژیان و خەون و خولیایەکی جوانتر و گەشاوەتر هەنگاو دەنێ و ناوەستێ .
ژمارەی خوێنەر   ‌ 1736‌
7/20/2022 9:13:00 PM